د بهیاد جهمال عهلی
لەگەڵ دابەزینی نرخی ئێستای نەوت و حاڵی خراپی لە بازاڕەکانی جیهاندا، دەبینین هەمو ئەو وڵاتانهی ئابورییان پشتبەستون بە سامانە سروشتیەکان، بە تایبەت نەوت، بەدوای ئەڵتەرناتیڤێک و چارەسەرێک دەگەڕێن بۆ هاوسەنگیی باری ئابورییان.
لەم بارودۆخانەدا زۆرجار هەندێک وڵات سیاسەتی کەمکردنەوەی (تقشوف) بەکاردەهێنێت و هەندێکیشیان پەنادەبەنە بەر قەرزکردن و هەندێکی تر هەناردە زیاددەکەن، وەک عێڕاق و هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبینین وڵاتێکی وەکو ئیماڕاتی یەکگرتوی عەڕەبیی ئاهەنگی فرۆشتنی کۆتا بەرمیل نەوتیان گێڕا بە واتایەک کە چیتر نەوت هەناردە ناکەن بەمەبەستی فرۆشتن.
لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەنگاوێکی گرنگی ئەو وڵاتە هەستا بە راگەیاندنی سیاسەتێکی نوێ بە ناوی سیاسەتی زانست و تەکنەلۆجیا و داهێنان. بۆ ئەم مەبەستەش بڕی سێ سەد ملیار درهەم (هەشتا و پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی) وەبەرهێنان بکرێت بۆ پاڵپشتیی دەستپێشخەرییەکانی ئەو ئابورییانەی پشتیانبەستوە بە نەوت. وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتوە کە حاکمی دوبەی (شێٍخ محمد بن راشد ئال مکتوم) هەڵدەستێت بە پاڵپشتی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە لەڕێی گۆڕینی تەشریحاتی حکومی و پاڵپشتیی داراییی و پاڵپشتیی پراکتیکی حکومەتیی لە پێناو سیاسەتە نوێکەدا. ئەم سیاسەتە وەبەرهێنانە بە مەبەستی بەرەوپێشچونی ئابوریی نانەوتی رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەرەوپێشچونی هەر یەک لە بوارەکانی تەندروستیی و خوێندنی باڵاو وزە و گواستنەوە و ئاو و تەکنەلۆجیا و وزەی خۆر و لێکۆڵینەوەی ئەتۆم و لێکۆڵینەوە (ریسێرچ) لە بواری رۆبۆتیەکاندا. هەروەها بەردەوامدەبێت تا ساڵی 2021، هەر وەک حاکمی دوبەی ئاماژەیپێکردوە ” ئامانجمان پەرەپێدانی ئابورییە لەسەر بنەمای مەعریفە “.
لە وتارێکی رابردومدا بەناوی “پەتا هۆڵندیەکەی کوردستان” باسمان لە رۆڵی نەوت کردوە لەو وڵاتانەی ئابورییان پەیوەستە بە سامانە سروشتییەکان بەتایبەت نەوت. لە وتارێکی تردا بەناوی “گێژاوی زێرە رەشەکەی کوردستان” باسمان لە کاردانەوە سلبییەکان کردوە کە چۆن ئەم جۆرە ئابورییە دەگونجێنێت لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەدا.
بەڵام ئەمڕۆ پرسیاری ئەوە دەکەین کە ئایا دەستەڵاتی کوردیی، وەک دەستەڵاتی ئیماڕاتیی، هیچ روئیایەکیان هەیە بۆ کۆی کەرتە جیاوازەکان؟ ئایا هیچ روئیایەکیان بۆ ئابوریی وڵات و تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە هەروەک چۆن پێویستە هەمو تاکێک یا رێکخراوێک یاخود حکومەتێک روئیایەکی هەبێت، پلانێکی ستراتیژی هەبێت بۆ گەیشتن بەو مەنزڵە؟
لە هەمان کاتیشدا، ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان بەراوردبکەین بە ناوەڕاست و خواروی عێراق بەوەی کە ژیانمان باشترە لەوان گومانی تێدا نییە کە هەڵەیەکی گەورە دەکەین و خۆهەڵخەڵەتاندنێکی بێسود دەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و بەراوردی خۆمان بکەین بە نمونەی وڵاتێکی سەرکەوتو لە هەمو رویەکەوە بێگومان هەنگاوێک دەنێین بەرەو ئایندەیەکی گەش بۆ وڵات و کۆمەڵگا.
دوبەی خەریکی ئامادەکارییە بۆ پێشانگایەکی نێودەوڵەتیی بەناوی ” دوبەی ئێکسپۆ” کە لەساڵی (2010) پلانی ئەم پێشانگا نێودەوڵەتییەیان داناوە، ئەم راگەیاندنە سیاسییە نوێیە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد روئیای ئیماراتە بۆ (2021).
سەرنجێک بدە و با پرسیارێک لە خۆمان بکەین:
ئایا وەک وڵاتییەکی ئەم هەرێمە هیچ زانیارییەکت هەیە لەسەر روئیای دەستەڵاتی کوردیی بۆ ساڵانی داهاتو؟
ئایا دەزانی پلانەکانیان چین و چی لە ژیانی تۆ دەگۆڕن؟
ئایا دەزانیت لە کۆی 21 وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها 8 وەزارەتیان ماڵپەرە فەرمییەکانیان کار دەکات؟
No comments:
Post a Comment