Monday, August 29, 2016

رۆژەکانمان...

بەیانی لە خەو هەڵەستین ڕوژەکەمان بەوە دەست پێ ئەکەین سەیری شاشەی موبایلەکە بکەین و چێکی "نۆتیفیکەیشنەکان" ئەکەین کە بۆمان هاتووە... هەندێکی دڵت خۆش ئەکات و هەندێکی مەزاجت تێک ئەیات... جاری وا هەیە هەموو ڕۆژەکەت ئەگۆڕێت...
دوای چەند دەقەیەک ڕۆژەکەت دەست پێئەکەیت و هەموو تۆزێک نۆتیفیکەیشنێکت بۆ یەت لە ئیمەیل و فەیسبوک و واتساب و ڤایبەر و ئینستگرام و تیلیگرام و سناپ و تویتر و تەلەفون... ئیتر ڕۆژەکەت لە بەینی ئیش و قسە و پەنجە تەقانن لەسەر شاشەکە ئەبەیتە سەر لە نێو وەرگرتنی زانیاری و زانینی هەواڵەکان...
ئەبینیت پاتری موبایلەکەت نیواونیو بووە ئەگەر تەواو نەبوبێت، ئیتر تۆزێکیش دائەنیشیت بە دیار پلاکەەوە شەحنی ئەکەیتەوە پێش ئەوەی تووشی پاتری فۆبیا ببیت...
ئینجا جگە لەو کاتەی سەرف ئەکرێت لەیاری کاندی کرەش و تاوڵە و پۆکەر و تێمپڵ ڕەن و هەی دەی و مەزرەعە سەعیدە و نازانم چەندین جۆر یاری، ئەم چەن ڕۆژەش یارییەکی نوێ پەیا بووە ناوی پۆکیمۆن گۆیە کە ئەمەیان هەر دانیشتن نییە بەڵکو کۆڵان بە کۆڵان جادە بە جادە سەیری شاشەی موبایلەکەت ئەکەیت و بە دوای پۆکیمۆن ئەگەڕێی ئیتر نازانم تا چەنێک حسابی کوردستان کراوە لە یارییەکە بۆی سەری خۆت نەکێشی بە عامودی کارەبا یان بکەویتە کونی زێرابەوە...
شەو ئەگەڕێیتەوە و لە جێگەکەتا پاڵ ئەکەویت بۆ خۆت بە دوای شتێک ئەگەڕێیت کاتی پێ بەریتە سەر ئیتر یاری بێت یا ڤیدێۆ بێت یان هەواڵ بێت هەتا خەوت لێ ئەکەوێت و موبایلەکە ئەکەوێت بە سەر و چاوتا و ئەگەر فریا بکەویت بیخەیتە سەر شەحن ئینجا بنوویت ئەوە زۆر موهیمە بۆی ئیتر بنوویت ئینجا ڕۆژێکی نوێ دەست پێبکات لەگەڵ نۆتیفیکەیشن..
کەوتوینەتە شۆڕشێکی سەرسەختی نۆتیفیکەیشنەوە تەنها کە شەحنمان تەواو ئەبێت تۆزیک بەرۆکمان بەرئەدات..
لەبەر ئەوە چارە نەماوە با موبایلەکەم بخەمە سەر شەحن و بڕۆم و سبەینێ سەیر ئەکەم لە نۆتیفیکەیشنەکاندا ئێوەی هاوڕێ و خۆشەویست چیتان نووسیوە
خەریکە مل و چاویشمان پێوە نامێنێت

No comments:

Post a Comment