Wednesday, April 19, 2017

دوێنێ و ئەمڕۆ لە وڵاتمان

باس دەکەن زەمانی قەدیم، مەلیکی عیراق لە ساڵی 1938 پارچە زەوییەکی چوار دۆنمیان کڕی لە سەرسەنگ لە کابرایەک ناوی عۆدیشۆ بوو. ساڵی 1953 دەستیان کرد بە دروستکردنی باخەکەیان و لە ساڵی 1955 مەلیک فەیسەڵی عیراق لەگەڵ خێزانی هاوینان سەردانیان دەکرد تا 
کۆتایی ژیانیان.

مەلیک فەیسەل مەئموری بنکەی پۆلیسی سەرسەنگی بانگ کرد و داوای لێکرد پۆلیسێکی خەڵکی ناوچەکەیان بۆ بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستی رۆژانەی خێزانی مەلیک بکڕێت و بۆیان بێنێت.

مەئمورەکە تەکلیفی لە پۆلیسێک کرد ناوی محه‌مه‌د بوو، ئیتر محه‌مه‌دی پۆلیسیش بە رێکوپێکی ئیشەکانی کرد ئەو ماوەیەی کە مەلیک فەیسەڵ لەوێ مایەوە. ئیتر مەلیک بانگی کرد پێیوت تەرفیعت دەکەم و خەتێکت ئەدەمیَ لەبەرئەوەی کوڕی چاکی. محەمەدیش یەکسەر چوو خەتێکی خستە سەر شانی خۆی و چوو بۆ بنکەکەی پۆز لێ بدات، مەئموریش بانگی کرد لێی پرسی چییە مەسەلە؟

ئەمیش وتی مەلیک تەرفیعی پێکردووە و خەتێکی داوەتێ. کابرای مەئموریش پێیوت خێرا لایبە لەسەر شانت، مەلیک دەسەڵاتی شتی وای نییە، دەبێت فەرمان لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچێت. ئیتر محه‌مه‌دیش لایبرد.

رۆژی دوایی مەلیک محه‌مه‌دی پۆلیسی بینی و پێی وت نابینم خەتەکەت دانابێت، ئەویش وه‌ڵامی دایەوە کە جەنابی مەئمور پێیوتوە کە لە دەسەڵاتی مەلیک نییە تەرفیعت بکات. مەلیکیش وتی مەئمور راست دەکات کە گەڕامەوە بەغداد لەگەڵ وەزیری ناوخۆ قسە دەکەم بۆ ئه‌وه‌ی پەیمانی لێ وەرگرم و تەرفیعەکەت بۆ بکات.

ئەوەی جێگەی بایەخە، کە مەلیک بە مەلیکی خۆی نەیتوانی خەتێک بدات بە محه‌مه‌دی پۆلیس لەبەرئەوەی یاسایی نەبوو، بەڵام رێگەی رەسمیی وەزارەتی ناوخۆی گرتەبەر و کابرای مەئموری بەر شەق نەدا لەبەرئەوەی بەقسەی نەکردووە، بەڵکو سوپاسی کرد. ئینجا بۆیە زەمانی خۆی هەموو شتێک بەهای زۆری هەبوو.

ئێستاش لە عیراق رووتبە دەفرۆشرێتەوە بەس بڵێ یا عەلی و لە کوردستان دەیانەوێت پرسی سەربەخۆیی باس بکەن بەبێ وجودی دامەزراوەی تەشریعی!

ئیتر باسی طەیر و طیورەکانی سەر شانی بەعزێکی خۆمان ناکەم کە بە نایاسایی خراوەتە سەر شانیان، هەمووتان دەیزانن.

د. بەیاد جەمال عەلی

No comments:

Post a Comment