لە مانگی چواری 1827 والی عوسمانی جەزائیر کەناوی "ئەلدای حسێن" بانگی کونسوڵی فەرەنسی کرد بۆی بیبینێت کە ناوی "ئەلێکساندەر کۆنستەنتین دووڤال" بوو.
هۆکاری بانگکردنەکە ئەوە بوو کە جەنابی والی پێی ووت کاتێک کە شۆڕشی فەرەنسیتان کرد وڵاتانی تری ئەوروپا لە دژتان وەستان و پەلاماریاندان ئێمە پارەمان بە قەرز دا پێتان ئینجا کاتی هاتووە بۆمان بێننەوە کە ئەکاتە 28 ملیۆن فرەنکی فەرەنسی ئەوکاتە.
بەڵام باس ئەکرێت کە کونسوڵ دووڤال بە شێوەیەکی جوان وڵامی نەدایەوە کە ئەوەش والی عوسمانی جەزائیری تووڕە کرد، لەو کاتەدا والی باوەشێنێکی بەدەست دەبێت، لێرەدا دوو جۆر باس هەیە، یەکێکیان دەڵێت کە والی بە باوەشێنەکەی ئیشارەتی بۆ دەرگاکە کردووە کە کونسوڵ بڕواتە دەرەوە وەک دەرکردن، بەڵام جۆرە باسەکەی تر ئەوەیە کە والی بە باوەشێنەکەی کێشاوێتی بەدەمووچاوی کونسوڵی فەرەنسی.
لە دوای ئەو گرژییەی کە دروست بوو لە نێوانیان، فەرەنسا ووتی ئێمە کونسوڵەکەمان ئیهانە کراوە وەک ئەویە ئیهانەی وڵاتەکەمان کرابێت وە حەقی خۆمانمان ئەوێتەوە. ئیتر نەیکرد نامەردی شارڵی دەیەم بە ماوەی شەش مانگ شەقام و ڕای گشتی فەرەنسی کوڵان و چل هەزار سەربازی کۆکردەوە بۆ بچێت ئەو ئیهانەیە بگەڕێنێتەوە بۆ والی و بۆ جەزائیر. لە دوای سێ ساڵ لە داخستنی چواردەوری جەزائیر لەساڵی 1830 تەسلیم بوون بە سوپای فەرەنسا.
لە هۆکارەکانی تری پەلاماری فەرەنسا بۆ جەزائیر تەنها ئەوە نەبوو کە کونسوڵەکەیان ئیهانە کرابوو، بەڵکو ئەوەش بوو کە لەدۆخێکی دارایی و ئابوری زۆر خراپ بوون و ئەیانویست پارە پەیابکەن بەهەر شێوەیەک بێت.
ئەگەر چاوێک بخشێنێن بەمێژووی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا تاوەکو ئەمڕۆ، ئەبینین زۆر لە وڵاتان ماڵی خۆیان وێران کردو چوونە ناو شەڕ و کێشەوە لەبەر خاتری ئەوەی وڵاتێکی لەو بەهێزتر ئافەرینی بکات. هەروەها بەداخەوە کورد بە درێژایی مێژوو تاکو ئەمڕۆ یەکتر تەخوین دەکەن و شەڕ بەرامبەر یەکتر لەبەر وەلائات و ئەجیندای وڵاتانی دیکە.
جەزائیر هەتاکو ساڵی 1962 لەژێر دەست فەرەنسا مایەوە لەبەر خاتری عوسمانییەکان وە دوای شۆڕشێکی گەورە توانی ئازاد بێت، ئێمەش لەهەر چوار پارچەکە تا ئەمڕۆ نەمانتوانی لەژێر دەستەیی دەرچین، بەهیوای ئەوەی لەمێژوو فێر بین و دەستی یەک بگرین و پەنجەی یەک نەشکێنین وە باوەشێنی والی بۆ خزمەتی گەل بێت نەک خزمەتی شاە و سوڵتان.
د. بەیاد جەمال عەلی
No comments:
Post a Comment