Tuesday, August 18, 2015
له سیئۆله‌وه بۆ سه‌ید صادق
له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا كه باوڕیان به دیموكراسی ڕاسته‌قینه هه‌یه یه‌كه ئیداریه‌كان له ڕێی كه‌سانی شیاو و به ئه‌زمون هه‌ڵده‌بژێردرین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه ئیداریه‌كانی كه له پایته‌خت و پارێزگاوه ده‌ستپێده‌كات هه‌تا بچوكترین یه‌كه كه لادێیه، به هه‌ڵبژاردن نه‌ك به ته‌زكیه.
بۆ نمونه یه‌كێك له‌و وڵاتانه كۆریای باشوره كه وه‌ك عیراق پێك هاتوه له 18 پارێزگا و چه‌ندین شار‌و شاروچكه كه هه‌ر یه‌كه‌یه‌ك له‌مانه ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن هه‌ڵبژێردراوانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌یرێن بێ ئه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێكی تێدا بكات.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه كه ده‌كرێن كاندیده‌كان پێكهاتوون له كه‌سایه‌تیه به‌ته‌مه‌نه‌كان كه ئه‌زمونیان هه‌یه و ته‌مه‌نیان له 40-50 كاندایه (نه‌ك وه‌ك سه‌رده‌می حزبی كۆمۆنیستی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كه له خوار 70 ساڵ ته‌مه‌نیان به هه‌رزه‌كار داده‌نا) و هه‌روه‌ها كاندیده‌كانی تر گه‌نجانێكی سه‌ركه‌وتو كه جێ ده‌ستیان دیار بێت ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه به‌ڵام كارا كان له پێشترده‌بن له كێبركێكه‌دا.
خاڵیكی گرنگی تر له پرینسیبه پۆزه‌تیگه‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته ئه‌وه‌یه كه كاندیدی هه‌ر یه‌كێك له‌و یه‌كه ئیداریانه ده‌بێت خه‌ڵكی خودی شار و شارۆچكه‌كه بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سه‌ی نیشته‌جێی ناوچه‌كه‌یه زیاتر ئاگاداری كێشه و پێداویستی و داواكاری هاوڵاتیان و پرۆژه‌كانی كه یه‌كه ئیداریه‌كه‌ی خۆی بۆ كاندید كردوه پێویستێتی. ڕاسته هاوڵاتیه‌كان هه‌مویان كۆرین به‌ڵام هه‌ر هاونیشتیمانی سیئۆل زیاتر ئاگای له كێشه ناوخۆییه‌كانی شاره‌كه‌یه‌و زۆرتر به په‌رۆشی به‌ده‌م داواكاری خه‌ڵكی سیئۆله‌وه ده‌چێت له چاو یه‌كێكی تر كه خه‌ڵكی شاری بۆ نموونه (بوسان) بێت كه هه‌ر شارێكی دیكه‌ی كۆریایه ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگایه بكات.
ساڵانه وه‌زاره‌تی بازرگانی كۆری ڕێبەرێكی گشتی چاپ ده‌كات كه زانیاری وردی له‌سه‌ر گشت شار و شارۆچكه‌كانی وڵاته‌كه‌ی تێدایه، هه‌ر لە ڕێبه‌ره‌كه‌دا پارێزگاره‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره ئیدارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت باسی تایبه‌تمه‌ندی شاره‌كانیان ده‌كه‌ن، نه‌ك ته‌نها له بواری بازرگانی و پیشه‌سازی، به‌ڵكو باسی جوانی و خزمه‌تگوزاری شاره‌كه‌یان دەکەن بەمەبەستی ڕاكێشانی خه‌ڵك بۆسەردانکردنی شاره‌كانیان، وه هه‌ر شارێك ژماره‌ی ته‌له‌فون و ئێمیڵی تایبه‌تی ته‌رخان كردووه بۆ وەڵام دانه‌وه و یارمه‌تیدانی گه‌شتیاران و خاوه‌ن كاران.
كۆریا كه ده‌ستی به بوژانه‌وه‌ی وڵات كرد له پاش جه‌نگی كۆریاوە، وڵاتێكی وێران بوو وێرانتر له كوردستان دوای ڕاپه‌رین، به‌ڵام ئێستا كه‌م ماڵ هه‌یه له‌كوردستاندا خاوەن سەیارەیەکی ((كیا) ياخود (هیوندای نه‌بن، یان ئامێره‌كانی ناو ماڵی (سامسۆنگ) و (ئیڵ جی) بەکارنەهێنن
هه‌نوكه ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕابكێشین بۆ كوردستانی خۆمان، ئه‌توانین بڵێین كه ڕانیەییەک باشتر ئه‌توانێ خزمه‌تی ڕانیه بكات وه‌ك له‌ئاكرێیه‌ك، وه پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته. مه‌به‌ست له‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه كه ئێمه‌ش عه‌یب نییه سود له‌وڵاتانی سه‌ركه‌وتووەوە وه‌رگرین، به‌ڵكو ئەمە ئه‌ركی سه‌ر شانی هه‌موو تاكێكی كورده له‌پێناو پێكه‌وه‌ژیانێكی خۆشگوزه‌ران و ئارام و ئاسایش .
له كۆتاییدا .... ئه‌گه‌ر لای ئێمه‌ش هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌ك به ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆ ئیداره مه‌حلییه‌كانیان هه‌ڵبژێرن، وه ئه‌و ده‌زگایانه سه‌ڵاحییه‌ت و بودجه‌یان روون بكه‌نه‌وه بۆ هاوڵاتیان، بارودۆخ و خزمه‌تگوزاری شاره‌كانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی باشتر به‌ره‌و پێش دەچێت. وه‌ك باو و باپیرانمان ئه‌ڵێن دۆ تاكو نه‌یژه‌نی كه‌ره نادا !
به‌یاد جمال علی
25-01-2014
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment