د. بەیاد جەمال عەلی
مانگی دەی ڕابردوو پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی فەرمانبەران بەڕێگەی سیستمی بایۆمەتری ڕاگەیێندرا لەلایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەستپێکرا بەپێدانی کارتی ئەلیکترۆنی و ناونووسیان لە سیستمە بایۆمەترییەکە. بەپێی بەرنامە بڕوات، دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا گشت فەرمانبەرانی حکومەت لەسیستەمەکە ناونووسکرابن.
مەبەستی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە فەرمانبەران مووچەکانیان لە ڕێگەی ئەم سیستەمە وەربگرن، لەپاش ئەوەی زانیاری تەواویان داخڵ بکرێت. سەنتەری ئەم پرۆسەیە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم کراونەتەوە بۆ بەکاربوونی ئەم پرۆسەیە.
پەیڕەو کردی ئەم سیستمە بە هیوای ئەوە کراوە کە کێشەی "بن دیوار" نەهێڵێت، هەروەها ئەو کەسانەی زیاتر لە یەک مووچە وەردەگرن چارەسەر بکەن و نەمێنێت. لە ئێستادا بەپێی ئاماری بڵاوکراوە حکومەت مووچەی ملێۆنیک و چوارسەد هەزار فەرمانبەر ئەدات.
لە تیۆریدا دەستپێکردنی پرۆسەی سیستمی بایۆمەتری هەنگاوێی ئیجابییە بۆ کەمکردنەوەی مەسرەفی حکومەت لە ڕووی مووچەوە، وە بارێکی قورس لادەچێت لەسەر شانی، بەڵام پرسیارەکە لەوەدا نییە تیۆرییەکی باشە، پرسیارەکە لەوەدایە ئایە ئەتوانن بە پراکتیکی جێبەجێ بکرێت؟
کێشەی هەبوونی ئەو ژمارە گەورەیە لە کەرتی گشتیدا بەبەراورد لەگەڵ ئەو ژمارە کەمەی کۆی دانیشتوانی هەرێم، فەرمانبەری ڕاستی بێت یان بن دیوار، درووستکەری هەموو حزبە سیاسییەکانە کە بەشێک بوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25 ساڵی ڕابردوودا. لەگەڵ کابینە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شێوازێکی بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسی و دەستکەوتی زۆرترین دەنگ لەهەڵبژاردندا، هەر حزبەو بەپێی هێز و توانا لایەنگرانی خۆی دادەمەزراند، لەگەڵ بڕینەوەی مووچە بۆ ئەندامانی حزب بێ ئەوەی لە هیچ دەزگایەکی حکومەت کار بکەن، جگە لە دیاردەی دوو مووچە و سێ مووچە.
دابەشکردنی ئەم پارە بەلاشە بۆ ماوەیەک توانای کڕین و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و شێوازی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان بەرزکردووە، بەڵام چونکە بێ بنەما بوو، دابەزینێکی کوشندار لە هەموو سێکتەرەکانی ئابوری کوردستان ڕوویدا لەبەر ئەوەی هیچ بەرهەمهێنانێکی ئابوری نەمابوو، هەروەها هەڵئاوسانێکی ناسروشتی هەبوو لە زۆربەی کاڵاکان بەتایبەت لەنرخی زەوی و خانووبەرە.
ئالنگاریەکەی کەڕووبەڕووی پەیڕەوکردنی سیستمی بایۆمەتری دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا هێز وئیرادە لای کێیە، ئەگەر حکومەت بتوانێت ئەم سیستمە بخاتە کار بە تەواوەتی و بەشێوەیەکی شەفاف ئەوە بارێکی قورس لەسەر شانی خۆی لادەبات و بەرژەوەندییەکی باشی ئەبێت بۆ ئابوری گشتی، بەڵام لێرەدا حزبە سیاسیەکان لەوەئەچێت لایەنگرێکی زۆر لەدەست بدەن بە بڕینی ئەو مووچانە.
ئایا پارتە سیاسییەکان ڕازی ئەبن ئەو پارە بەلاشەی کە خۆیان و لایەنگرانیان وەریدەگرن حکومەت لێیان ببڕێت؟ لەکاتێکدا کە حکومەت پێکهاتووە لەم حزبانە، ڕازی ئەبن هێزی سیاسیان و بەرژەوەندی ئابوریان نەمێنێت؟
No comments:
Post a Comment