د. بەیاد جەمال عەلی
ڕۆژی پێنجشەمە 23 ی 6 بەریتانیا ڕیفراندۆم دەکات لەسەر مانەوەی لە یەکێتی ئەوروپی، لە ڕیفراندۆمەکە خەڵک دەنگ لەسەر ئەوە ئەدەن کە بمێننەوە یان بڕۆن، وە ترسێک زۆر هەیە لەوەی ئەگەر دەنگ بدەن بە دەرچوون ئابووری بەریتانیا تووشی پەرتەوازە بێت و شۆکێک بات لە ئابووری جیهان. بەڵام هەندێک ئەبینن کە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە قازانجیانە وە سەربەخۆی ئابوریان بۆ ئەگەڕێتەوە کە چل ساڵە لای خۆیان نەماوە.
بەریتانیا پەیوەندییەکی ئابووری گرنگی هەیە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا کە گەورەترین بازاڕی جیهانە. لە %47 لە هەناردەکانی (صادرات) بەریتانیا، وە لە %53 هەوردەکانی (واردات) بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپاوە دێت، جگە لەوەی کە زیاد لە سێ ملێۆن کار لە بەریتانیا پەیوەندی هەیە بە بزنسی ئەوروپی .
قەبارەی وەبەرهێنانی ئەوروپا لە بەریتانیا زیاترە لە 700 ملیار دۆلار کە ئەکاتە زیاد لە %50 ی هەموو وەبەرهێنانەکانی ناو بەریتانیا. لە بەرامبەردا بەریتانیا هەفتەی 190 ملێۆن پاوەندی ئەستەرلینی ئەداتە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەندام بوونی لە یەکێتێکەدا.
پێش ئەوەی بەریتانیا بچێتە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی شەستەکان لە %30 ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا بوو، بەڵام دوای ئەوەی بوون بە ئەندام هەردوولا کاریان کرد لەسەر چاک کردنی سیاسەتە ئابوری و بازرگانییەکانیان وە لابەردنی گومرگ و جەندین کۆسپی تر کە وای کرد ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا بگاتە %50 - %60.
هەروەها وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا کێشە و گفتوگۆکان لەگەڵ ووڵاتانی جیهاندا ئەکەوێتە سەر شانی ئەوروپا، لێرەدا ئەوە گرنگە بیزانین کە بەریتانیا هەر خۆی دەکاتە 16% ئابوری ئەوروپا، بەڵام کە کێشەی ئەبێت هەموو ئەوروپا بە پێی ئەوەی گەورەرین بازاڕی جیهانە گفتوگۆکانی بۆ ئەکات کە زۆر بەهێزترە لەوەی بەریتانیا هەر خۆی بێت.
لایەنی ئەوەی کە ئەیەوێت بمێنێتەوە ئەبینێت کە لە حاڵەتی دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا بەریتانیا زۆر لەواز دەبێت و ئابورییەکەی تێک ئەچێت وە وەبەرهێناەکانی ئەوروپا ئەکشێنەوە هەروەها ئەو هەلی کارانەی کە بەبۆنە بزنسەکانی ئەوروپا درووست ببوون کەم دەکەن جگە لە زەرەرمەند بوون لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی کە گومرگ دائەنرێتەوە لەسەر کاڵا بەریتانییەکان وە گرانبوونی کاڵا ئەورووپییەکان لەسەر هاووڵاتی بەریتانی.
لایەنی کە ئەیەوێت دەرچێت ئەبینێت کە مانەوەیەن لە یەکێتی ئەوروپا لاوازیان دەکات و ئەیانەوێت سەربەخۆیی ئابووریان بۆ بگەڕێتەوە وە هەروەها پارەی ئەندامێتێکەیان بۆ بگەڕێتەوە لەگەڵ نەهێشتنی هاتنی هاووڵاتیانی ئەوروپی تر بۆ کار کردن لە بەریتانیا وەک ڕۆمانی و پۆڵەندی و لیتوانی.
یەکەم جارە ڕیفراندۆمی وەها بکرێت بۆ ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا، هەر لایەنەوە خاڵی خۆی هەیە بۆ مانەوە و دەرچوون، بەڵام ئەوەی ئەیبینم و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییکان باسی دەکەن کە مانەوەی بەریتانیا باشتر خزمەتی ئەکات.
هەردوولا شەڕیانە لەسەر ئەوەی باشترین بەرژەوەندی بۆ بەریتانیا دابین بکەن، خۆزگە لە کوردستانیش ڕۆژێک لە ڕۆژان شەڕ لەسەر بەرژەوەندی گەل بکراییە بە کردار....