Tuesday, June 7, 2016

وڵاتی شوکوڵاتە لە کوێ، ووڵاتی نەوت و گاز لە کوێ

د. بەیاد جەمال عەلی

سویسرا دوێنێ دەنگدانیان کرد لەسەر بڕیارێک کە هەموو هاوڵاتییەکی سویسری مانگی دوو هەزار و پێنج سەد دۆلاری ئەمریکی $2500 وەربگرێ لە حکومەت ئیتر گرنگ نییە ئیشی هەبێت یان نا، دەوڵەمەند بێت یان نا، گەورە بێت یا بچوک، گرنگ ئەوەیە حکومەتی سویسری گەرەنتی بکات هەموو هاوڵاتییەکی داهاتی مانگانەی هەبێت و هیچی کەم نەبێت.
تەسەور ئەکەیت ئەنجامی دەنگدانەکە چی بێت؟
77% ی دەنگداران بە "نا" وەڵامیان دایەوە وە یاساکەیان پووچەڵ کردەوە، وە هۆکارەکەی ئەوەیە کە خەڵکی سویسری ئاسوودە نەبووە بەوەی پارەیەک وەربگرێ بە بێ ماندووبوونی خۆی وە هۆکار ئەبێت بە زیاد بوونی ڕێژەی تەمەڵی، چونکە ئەوکاتە زۆر کەس پێویستی بە ئیش کردن نامێنێت و زەرەر ئەیات لە ئابووری سویسرای خۆشەویست.
ئینجا ئەمە نامۆ نییە لە خەڵکی سویسرا چونکە ساڵی 2012 یاسایەکی تریان ڕەت کردەوە کە زیاد کردنی پشووی خەڵکی ووڵاتەکە بوو لە چوار هەفتە بۆ شەش هەفتە، ئەوەش ڕەت کرایەوە لەبەر ئەوەی ووتیان ئەگەر ئێمە پشوومان زیاد بکەین ووڵاتانی کە مونافەسەمان ئەکەن پێشمان ئەکەون ئەوەش زەرەر لە سویسرا ئەیات لەبەر ئەوە چوار هەفتەمان بەسە.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی کوردستان ئەوەیە کاتێک کە حکومەت پارەی گشتی بە بێ بەرنامە و ڕەچاوکردنی ئینتاجیەت سەرف ئەکات، هاووڵاتیانی کوردستانیش ڕێگری لێ ناکەن بەڵکو هاوکاری ئەبن.
کاتێک کە حکومەت دامەزراندنی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار ئەهێنا بۆ کڕینەوەی دەنگ بێ ئەوەی ئەو کەسانە کە دامەزراون پێویست بکات هیچ ئینتاجییەکێتیان هەبێت بۆ ئابووری ووڵات، هاووڵاتیان شەریک بوون لەگەڵی.
بەڵکو لای خۆمان مونافەسە لەوەدا بوو کێ بتوانێت ئیشێکی بن دیواری دەست بکەوێت بە کەمترین مەسرەف و هیلاکی.
خۆشەویستی بۆ ووڵاتی خۆت ئەوەیە کە چۆن هەڵە لە ماڵ و مناڵی خۆت قبووڵ ناکەیت، بە هەمان شێوە هەڵەی حکومەتیش قبووڵ نەکەیت نەوەک ببیت بە شەریک و پاڵی پێوەنێی هەڵەی زیاتر بکات بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆت.

No comments:

Post a Comment