ماوەیەکە دراسەی بابەتی بەرهەمی خۆماڵی ئەکەم، ئینجا ئەمجارە باسی کەمتەرخەمی حکومەت و شریکایەتی ئیجباری مەسٶلە گەندەڵەکان و کۆمپانیا حزبیەکان ناکەم، بەڵکو باسی عەکسەکەی ئەکەم کە هاوڵاتییانی و بەکاربەری کورد کە لەم قەیرانەیا زۆر گلەیی لە حکومەت کرد کە ئیهمال بووە لە پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی کە منیش بە تەواوەتی هاوڕام، بەڵام ئەوەی کەباس نەکراوە دۆزینەوەی خەلەلەکان لە عەقڵییەتی خۆماندا.
لە سوپەرمارکێتێک بووم قونسوڵی ئێرانی لە سلێمانی خۆی کرد بە ژووردا داوای ماستی کرد، کابرای ساحێب دووکانیش ووتی ئەم جۆرەمان هەیە تورکیە و ئەم جۆرەمان هەیە سعودیە و ئەم جۆرەمان هەیە نازانم چییە، کابرا سەری ڕاوەشان ووتی (ئیرانی میخام) ئێرانیم ئەوێت، چەنێک ساحیب دووکان ووتی ئەمانە تامیان خۆشترە و وایە و وایە کابرا هەر ئێرانییەکەی برد ئیتر گرنگ نەبوو بەلایەوە لە تاران درووست کراوە یان مەریوان.
لە لایەکی ترەوە هەموو ئەزانن کە سیانزدە ساڵی ڕابردوو زۆربەی زۆری پرۆژەی نیشتەجێبوون و پرۆژە حکومییەکان و هەمو جۆرەکان ئەدرا بە کۆمپانیای تورکی لەبەر ئەوەی ئەوان شارەزای زۆر باشتریان هەیە لە ئێمەی کورد لە بابەتی بینا درووست کردن، ئینجا من لە نزیکەوە ئاگادار بووم لە چەند پرۆژەیەک لە گەورەترین پێداویستی تاکو بڕغویەک لە تورکیاوە ئەیانهێنا، بۆ نموونە ئەگەر تۆ لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بژیت ئێستا کە تورک درووستی کردبێت سپلیتەکەت یان ئارچەلیکە یان ڤیستڵە وە بۆ هەموو شمەکەکانی تر.
کە چی چەن ساڵێکە موتابەعەی ئەم میلەتەی خۆمان ئەکەم وە ئەم فەترەی ڕابڕدوو زیاتر بۆی بزانم ئایا بەکاربەری کورد شتی خۆماڵی ئەکڕێت یا چۆن ئەیبینێت؟ ئایا ئێمە داوا لە خاوەن کارە کوردەکان بکەین مەعمەل بێنن و بەرهەمی خۆماڵی درووست بکەن موشتەری ئەبێت؟
خۆم چەندین جار وە ئەکیدم تۆش چەندین جار بینیوتە لە شوێنان کابرای ساحێب دووکان ووتوێتی ئەم شتە هی خۆمانە و ئەم شتە هی فڵان دەوڵەتە ئەوەی خۆمانت بە سووک بینیوە و ئەوەی ترت کڕیوە
ئەتوانم چەند نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە
لە هەولێر مەعمەلێکی ئایس کرێم و چلوورە هەیە کە بە کواڵتیەکی بەرز درووست دەکرێت وە بە تام و پاک و تەمیز بەڵام موشتەری زۆر کەمترە بە چاو چلوورەی تورکییەوە
لە هەولێر مەعمەلی ئاسن هەیە کە شیشی بینا بەرهەم ئەهێنێت بەڵام فرۆشی کەمترە لە هی ئۆکرانی و ئیرانی
لەسلێمانی خەستەخانەی فاروق هەیە کە یەکێکە لە پێشکەوتوترین خەستەخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەچی خەڵک حەز ئەکات بیشکێنێت و ئەڵێت کوڕە کەی شوێنە خەڵی تیا مرد.... ئەی خەستەخانە ئەتەوێت پێغەمبەر عیسای تیا بێت و کەس نەمرێت
ئینجا خۆشم مارکەی بەیادم درووست کرد بۆ ئامێری کارەبایی لەسپلیت و سەلاجە و تەلەڤزیۆن و ئەم شتانە وەک هەنگاوی یەکەم لە مەعمەلەکانی چین و تایلند درووستم کرد و بە کواڵتی زۆر بەرز کە لە هەزاردا یەک خەلەلی هەبوو، ووتم ئەگەر سەرکەوتوو بێت وا ئەکەم لە کوردستان مەعمەل بکەمەوە و بەرهەم بێنم، کەچی چونکە ناوەکەی کوردی بوو کڕیاڕی کەم بوو بەڵام لە بەغدا و بەسرە و ئێران تاکی نەمایەوە ئیتر منیش پەشیمان بوومەوە.
ئێمە کێشەی ئەوەشمان هەیە کە لە هیچ نارانین و لە خۆمانەوە حوکم ئەیەین بەسەر خەڵک و بەسەر شتدا... بۆ نموونە ئەو ڕۆژە لای بەقاڵ بووم پیاوێک هات ووتی ئەرێ کاکە پڕتەقاڵی دیالە نەهات؟ بەقاڵەکە ووتی با تاقی کردنەوەیەک بکەین، جوابی داوە بەڵێ تازە گەیشت، واللە کابرا پڕتەقاڵێکی بۆن کرد وتی ئای چەن خۆشە فەردەیەکم بەرێ... کە ڕۆیشت بەقاڵەکە ووتی ئەوە پڕتەقاڵی ئێرانە بەڵام کابرا لێی نازانێت هەر لە خۆیەوە ئەڵێت پڕتەقاڵی دیالەم ئەوێت.
ئەگەر گۆڕانکاری لە عەقڵییەت و هەڵسوکەوتی خۆماندا نەکەین چۆن چاوەڕێی گۆڕانکاری بین لە ستراتیژ و بڕیاڕەکانی حکومەتدا.... حکومەتەکە پێک هاتووە لە خەڵکی ئەم کوردستانە و لە کەس و خزمی هەموومان بۆیە پێداچوونەوەکی تەواومان ئەوێت لە هەموو جوومگەکانی ژیانمان بۆ ئەوەی ئیمەش وەک میلەتانی تر دڵسۆز بین بۆ ووڵاتی خۆمان و تەنها شیعارات نەبێت.
هیوای خواردنی پڕتەقاڵی دیالە و هەناری عەبابەیلێ و کاڵەکی شەمەتان بۆ ئەخوازم
د. بەیاد جەمال عەلی
No comments:
Post a Comment